دارى زەیتوون یەکێکە لە بەناوبانگترین دارى جیهانى کە بەهۆى تەمەنە درێژەکەیەوە بە دارى هەمیشەیی دەناسرێت، سوودى ئابوورى زۆرى هەیە بۆ خاوەنەکەى و سەرچاوەیەکى داهاتى درێژخایەنە و لە هەمانکاتدا سوودى بۆ ژینگە و خاوێن ڕاگرتنى هەوا هەیە بەو پێیەى وەک دارەکانى دیکە کارگەیەکى بەرهەمهێنانى ئۆکسجینە کە بە گازى ژیان دەناسرێت.
وڵاتانى دەوروبەرى هەرێمى کوردستان گرینگییەکى بێوێنە بە چاندنى دارى زەیتوون دەدەن بە تایبەت بۆ بەرهەمهینانى زەیتى زەیتوون کە بە باشترین و پڕبەهاترین زەیتى خواردن بۆ ئادەمیزاد دادەندرێت، بۆ نموونە ترکیا کە دراوسێی ئێمەیە بۆ وەرزى ٢٠٢٥-٢٠٢٦ پێشبینى دەکرێت بەرهەمى بگاتە ٣١٠ هەزار تەن زەیت، لە وڵاتى سوریا پێشبینى بەرهەمهێنانى ٦٦ هەزار تەن دەکرێت بۆ هەمان وەرز، سعودیا کە وڵاتێکە ڕووبەرى زۆرى زەوییەکانى بیابانە بۆ ئەم وەرزە پێشبینى ١٨ هەزار تەن زیتى زەیتوون دەکرێت، وڵاتى ئەردن لە وەرزى ٢٠٢٤- ٢٠٢٥ بەرهەمى لە ٣٥ هەزار تەن ڕەتیدا، ئیسپانیا گە گەورەترین بەرهەمێنى زەیتى زەیتوونە لە وەرزى ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەرهەمى زەیتى زەیتوون ١.٢٦ ملیۆن تەن بوو کە دەکاتە ٤٠-٥٠% کۆى بەرهەمى جیهانى. ئەم ئامارەنەدا بۆمان دەسەلمێنێت لەسەر ئاستى جیهاندا گرینگییەکى زۆر بە چاندنى دارى زەیتوون بۆ مەبەستى بەرهەمهێنانى زەیت دراوە بەواتاى ئەوەى وەبەرهێنانێکى ڕێک و پوخت کراوە بۆ بەدەستهێنانى بەرزترین ئاستى زەیت لە ڕووى کوالیتى و جۆرەوە.
بەڵام ئایا ئێمە لە هەرێمى کوردستاندا تواناى ئەوەمان هەیە بگەینە ڕیزى وڵاتانى دراوسێ و جیهانى لە بەرهەمهێنانى زەیتى زەیتوون؟، لە وەڵامدا دەڵێن: لە هەرێمى کوردستاندا تا ڕادەیەکى باش توانراوە ئەم دارە بە باخەوانان بناسێنرێت لە ڕووى سوودى ئابووریی و پێداویستى ژینگەیەەوە، بەڵام بۆ پەرپێدانى ئەم بوارە واتا بوارى چاندنى دارى زەیتوون پێویستە هانى خاوەن زەوییەکان بدرێت و چەخت لە چەند زانییارییەکى زانستى بکرێتەوە کە پێویستە لە قۆناخە جیاوازەکانى چاندندا خاوەن زەوییەکان بیزانن، سەرتا قۆناخ پێش چاندن و دامەزراندنى باخە لە ئامادەکردنى زەویی و هێڵکارى و هەڵبژاردنى جۆر و تەرزى دار زەیتوون و چنین یان ڕنینى بەرهەم لە دواڕۆژدا، ئەوەش بەندە بە تواناى ماددى و هەبوونى زانیارى، هەروەها پێویستە پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانى دیکە لە دواى دامەزراندنى باخ و گەیشتن بە قۆناخى بەرهەمهێنان هەمووى بزاندرێت، ئیستاش وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بە هاوئاهەنگى لەگەڵ سەنتەرى سیهام بارى ئیتاڵى بۆ ماوەى شەش مانگە پڕۆژەیەکى چڕ و پوخت لە هەرێمى کوردستاندا جێبەجێدەکات کە بە پڕۆژەى کۆڕیس ناسراوە واتا زنجیرە بەهاى زەیتى زەیتوونى کوردى ئەم پڕۆژیە لە لایان حکومەتى ئیتاڵیاوە بوددجەى بۆ تەرخان کراوە، لەم ماوەیەدا چەندین شارەزاى بوارى خزمەتکردنى دارى زەیتوون لە ئیتاڵیاوە سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە و خولى تیۆرى و پڕاکتیکى تایبەت لە سەرانسەرى هەرێم کراوەتەوە و سەردانى ژمارەیەکى زۆر باخى زەیتوون کراوە بۆ دەستنیشانکردنى لایان بەهێژ و هەڵە زانستییەکان، لە هەمانکاتدا بایەخ بە نەماگەى بەرهەمهێنانى شەتڵى زەیتوون دراوە بۆ ئەوەى لە ئایندەدا پشت بە نەمامى خۆماڵى ببەستریت لە کاتى دامەزراندنى باخەکاندا، سەرەڕاى ئەوە ژمارەیەک لە کەسانى پسپۆر سەردانى وڵاتى ئیتاڵیایان کردووە کە دووەمین گەورەترین بەرهەمهێنى زەیتى زەیتوونە لە جیهاندا بۆ ئەوەى لە نزیکەوە شێوازى پەروەردەى دارى زەیتوون و بەرهەمهێنانى زەیت ببینن و دواڕۆژ ببن بە ڕێنیشاندەر بۆ باخەوانانى کوردستان.
بەردەوام بوونى هاوکارى شارەزایانى ئیتاڵیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان شۆڕشێک بەرپا دەکات لە بوارى چاندنى دار زەیتوون و بەرهەمهێنانى زەیتى زەیتوونى کوالیتى بەرز، ئەوەش پانتاییەکى فراوان بۆ وەبەرهێنەرانى کوردستان دەڕخسێنێت بۆ ئەوەى بەشێک لە سەرمایەکنیان لەم بوارە ئابووریە گرینگە خەرجبکەن کە داهاتێکى باش و سەقامگیریان بۆ دابین دەکات.

بەدرخان محەمد ئەمین
شارەزا لە کۆمپانیاى چارەسەرى سەوزى کشتوکاڵى

Leave A Comment