بڕیاردان بۆ دامەزراندنى پشتێنەى سەوز بە دەورى شارى هەولێر وەک قەڵغانێکى پارێزەرى ژینگەیی جگە لەوەى کە ئاوڕدانەوەیەکى ژیرانەى پربایەخى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بوو لە هەمانکاتدا پێویستییەکى لەمێژینەیە بۆ خاوێنڕاگرتنى کەشوهەواى پایتەخت و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەى خۆڵ و تۆز و دابەزاندنى پلەى گەرمى و دابینکردنى ژینگەیەکى گونجاوى تەندروست بۆ ژیان لەو شارە گرینگە کە لە سەرتاسەرى کوردستان و عێڕاق ڕوویان تێکردووە بۆ بەدەستهێنانى دەرفەتى کارکردن یان بۆ ژیان تێدا بە ئارامى و پارێزراوى یانیش بۆ گەشتوگوزار، بەڵام چۆن ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە بۆ ئەوەى پشتێنەى سەوزى هەولێر لەپاڵ سوودە ژینگەییەکانى سوودى دیکەى ئابوورى ببەخشێت و شارى هەولێر بکاتە گەورەترین سەرچاوەى ڕۆنێکى ئاڵتوونى تەندروست و بایەخدار کە زەیتى زەیتوونە نەک تەنها لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بەڵکوو لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکەدا، هۆکارە پاڵنەرەکان زۆرن لێرەدا باس لە گرینگترینیان دەکەم:
- دارى زەیتوون یەکێ لەو دارانەیە کە شیاوە بۆ کەشوهەواى کوردستان و گەشەکردنى بەهێزە.
- تایبەتمەندى دارى زەیتوون کە دارێکى هەمیشە سەوزە و تواناى بەرگەى کەمئاوى هەیە و لە کەشى گەرم و وشکدا گەشەدەکات.
- تەمەنى ئەم دارە درێژە و بەڵگەنامەکان دەریدەخەن بۆ ٥٠٠ ساڵ دەژیت.
- هەڵکشانى خواست بۆ زەیتى زەیتوونى پاکیزەى پلە نایاب دواى بەرزبوونەوەى هۆشیارى تەندروستیى لەلایان بەکاربەرانەوە.
- دارى زەیتوون جگە لە بەشە سەوزەکەى بەرهەمێکى ناوازەى هەیە کە زەیتوونە بۆ خۆشکردن و بەرهەمهێنانى زەیت بەکار دێت.
- هەبوونى کادیرى تەکنیکى بۆ پەرەپێدان و خزمەتکردنى دارى زەیتوون کە باشترین شارەزایی زانستییان هەیە بە تایبەت دواى بەشداریکردنیان لە پڕۆژەى کۆریس.
ئامارە نوێیەکان ئاماژە بە هەبوونى زیاتر لە 1500 باخى زەیتوونى بازرگانى دەکەن کە لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان بڵاوبوونەتەوە، ئەم فراوانبوونە تەنها وڵامدانەوەیەک نییە بۆ زیادبوونى خواستى ناوخۆیی لەسەر زەیتى زەیتوونى سروشتى نایاب بەڵکو ستراتیژیەتێکى خۆگونجاوى کشتوکاڵییە لەگەڵ گۆڕانى ئاووهەوا دا، چونکە دارى زەیتوون تواناى نایابى هەیە بۆ بەرگەگرتنى بارودۆخى سەختى گەشوهەوا و وشکەساڵى و پێویستى بە چاودێرى کەمتر هەیە بە بەراورد بە دارە باخدارییەکانى دیکە، لە هەمانکاتدا تایبەتمەندییەکانى خاک و تۆبۆگرافیاى هەرێم واى لێدەکات ببێتە پاڵێوراوێکى نموونەیی و سەرکەوتوو بۆ چاندن لە پشتێنەى سەوزى شارى هەولێر. سەرەڕاى ئەوە حکوومەتى هەرێم لە ڕێگەى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بایەخى بە کەرتى زەیتوون داوە، بۆ گەشەسەندنى ئەم سێکتەرە بە هاوکارى و هەوئاهەنگى لەگەڵ حکوومەتى ئیتاڵیا پڕۆژەى کورێس جێبەجی دەکەن، پرۆژەی کۆریس لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا (AICS)وە بودجەى بۆ تەرخانکراوە و لەلایەن پەیمانگەى سیهام باری بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو جێبەجێ دەکرێت، بۆ پاڵپشتی گەشەپێدانی بەردەوامی گوندەکان لەڕێگەی بەهێزکردنی زنجیرە بەهای زەیتی زەیتونی کوردی و پەرەپێدانی توانا تەکنیکییەکانی جووتیاران، و پێشخستنی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون بە کوالیتی بەرز و ڕەسەن لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کۆریس پڕۆژیەکى تایبەتە بە گواستنەوەى شارەزایی تەنکنیکى خزمەتکردنى دارى زەیتوون بۆ جوتیاران و کادیرانى ڕێنمایی و باخدارى لە وەزارەت.
لە کۆتایدا بە باشى دەزانم دواى پەسندکردنى چاندنى داری زەیتوون وەک بژاردەیەکى سەرکەوتوو و ئابوورى درێژمەودا لە پشتێنەى سەوز لێژنەى تایبەت دابنرێت بۆ دەستنیشانکردنى باشترین تەرزى جیهانى و شیاو بۆ بەرهەمهێنانى زەیت و هاوردەکردنى لە وڵاتە بەناوبانگەکان بە بەرهەمهێنانى زەیتى زەیتوون یان بەرهەمهێنانى شەتڵ لەناوخۆدا لەو تەرزانەى سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە لەگەڵ کەشوهەواى هەرێم و رێژەى زەیتیان بەرزە.

بەدرخان محەمەد ئەمین
شارەزا لە بوارى کەرتى کشتوکاڵ

Leave A Comment